- لە حیكمەتەكانی بەرزكردنەوەی دەستەكان لەكاتی نوێژدا : ڕازاندنەوەی نوێژە و بەمەزندانانی الله یە -سبحانه وتعالی-.
- لە گێڕانەوەی تر هاتووە وەكو لە (ئەبی حومەیدی ساعیدیەوە) لەلای (ئەبی داود وئەوانی تر) ؛ كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستەكانی بەرز كردۆتەوە لە شوێنی چوارەم، ئەمیش لەكاتی هەستانە لە تەحیاتی -تەشەهودی- یەكەم لە نوێژە سێ یان چوار ڕكاتیەكاندا.
- لە گێڕانەوەی تر هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستەكانی بەرز كردۆتەوە هەتاوەكو ئاستی گوێیەكانی بەبێ دەستدان لێیان؛ وەكو لە گێڕانەوەی (مالیك كوڕی حوەیریس) لە هەردوو سەحیحدا: «أن رسول الله صلى الله عليه وسلم كان إذا كبر رفع يديه حتى يحاذي بهما أذنيه» واتە: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر تەكبیری بكردایە دەستی هەتاوەكو ئاستی گوێیەكانی بەرز دەكردەوە».
- ووتنی: (سَمِعَ الله لمن حَمِدَهُ رَبَّنَا وَلَكَ الحَمْدُ) ؛ تایبەتە بە ئیمام وئەو كەسەی بە تەنها نوێژ دەكات، بەڵام ئەوانەی لەپشتی ئیمامەوە نوێژ دەكەن تەنها دەڵێن: (رَبَّنَا وَلَكَ الحَمْدُ).
- ووتنی: (رَبَّنَا وَلَكَ الحَمْدُ) ؛ لەپاش ڕكوع بردن بە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- وچوار شێوازی هەیە، ئەمە دانەیەكیانە، وباشتر وایە مرۆڤ هەرجارەی شێوازێکیان بڵێت.