- مرۆڤ شیاوبوون -ئەهلیەت-ی لەسەر لادەچێت بەهۆی خەوتن چونکە دەبێتە هۆی ئەوەى هەڵنەستێت بۆ جێبەجێکردنی واجبەکان، یان بەهۆی کەم تەمەنیەوە -باڵغ نەبوونەوە- کە دەبێتە هۆی ئەوەى ئەرکە شەرعیەکانى لەسەر واجب نەبێت، یان بەهۆی شێت بوونەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەى فەرمانە ئەقڵیەکانی تێکبچێت، یان بەهۆی سەرخۆشبوونەوە، هەرکەسێک جیاکاری وبیرکردنەوەى ڕاستی لێ تێکبچێت ئەوا شیاو بوونی لەسەرلادەچێت بەهۆی ئەم سێ هۆکارەوە؛ خواى گەورە بە دادپەروەری وحیکمەت وبەزەیی خۆی لێپرسینەوەى هەڵگرتووە لەسەر ئەمانە ئەگەر سنوورێک تێبپەڕێنن یان واجبێک جێبەجێ نەکەن سەبارەت بە مافى خواى گەورە -سبحانه وتعالى-.
- نەنووسینی كردەوەكان لەسەریان، نابێتە هۆی جێبەجێ نەبوونی هەندێك حوكمی دونیایی لەسەریان؛ بۆ نمونە شێت ئەگەر كەسێك بكوژێت، ئەوا ناكوژرێتەوە وكەفارەتی لەسەر نییە، بەڵام كەسە نزیكەكانی دەبێت دیەكەی بدەن.
- باڵغ بوون سێ نیشانەی هەیە: دابەزینی مەنی بەهۆی خەوتن وشتی ترەوە، یان دەرچوونی مووی دەوروبەری ئەندامی زاوزێ، یان بە تەواوكردنی پانزە ساڵ، ئافرەت نیشانەیەكی تریشی هەیە ئەویش بریتیە لە: سووڕی مانگانە -حەیز-.
- سوبكی دەڵێت: منداڵ واتا غوڵام، وهەندێكی تر دەڵێن: -لە زمانی عەرەبیدا- كوڕ لەنێو سكی دایكیدا پێی دەووترێت -جَنين:كۆرپەلە-، ئەگەر لەدایك بێت پێی دەووترێت -صبيٌّ:كۆرپە-، ئەگەر لە شیرخواردن بڕا پێی دەووترێت -غلامٌ:غوڵام- هەتاوەكو حەوت ساڵی، پاشان پێی دەووترێت -يافِعً:یافیع- هەتا دە ساڵی، دواتر پێی دەووترێت -حزور:حەزور- هەتا تەمەنی پانزە ساڵی، وسیوتی دەڵێت: ئەگەر هەموو ئەم قۆناغانەی بڕی ئەوسا پێی ناووترێت منداڵ.